بەهۆی موسڵمانبوونەوە؛ منداڵێکی فەلەستینیی شەش ساڵان لە ئەمریکا 26 چەقۆی لێ درا و کوژرا

(0) / / جهان / زایەڵە ئەمریکا فەڵەستین موسڵمان


Oct 16, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - منداڵێکی موسڵمانی تەمەن شەش ساڵ لە ئەمریکا لەلایەن خاوەن خانووەکەیانەوە بە چەقۆ کوژرا و دایکیشی بریندارکرا. پۆلیس دەڵێت، چەقۆوەشێنەکە دەستگیرکراوە و رووداوەکەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، ئەو خێزانە فەلەستینین.
 
رووداوەکە لە شارۆچکەی پلەینفیڵد لە دووری 64 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی روویدا، دوای ئەوەی پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ بەناوی جۆسێف سیزوبا بە چەقۆ هێرشیکردە سەر کرێچییەکانی خۆی کە منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ بە ناوی وەدیع فەیومی و دایکە تەمەن 32 ساڵەکەی بە ناوی حەنان شاهین بوون. هەردووکیان بە برینداری گوێزرانەوە نەخۆشخانە، بەڵام کوڕەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
پۆلیسی ناوچەکە دەڵێت، "دوای ئەوەی دایکی منداڵەکە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 911ـەوە کرد، تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و هەر لەوێ ئەنجامدەری تاوانەکەیان دەستگیرکرد و بەپەلە هەردوو بریندارەکەیان گواستەوە نەخۆشخانە. لە توێکاریدا دەرکەوتووە کوڕەکە 26 چەقۆی بەرکەوتووە و دایکیشی هێشتا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکییدایە. ژنەکە پێی راگەیاندین، شەڕێکی زۆری لەگەڵ چەقۆوەشێن کردووە و رایکردووەتە نێو گەرماوەکە بۆ ئەوەی دەرفەتی پەیوەندیکردنی بە پۆلیسەوە هەبێت."
 
پۆلیس هەروەها دەڵێت، "ئەنجامدەری تاوانەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو خێزانە، چونکە موسڵمانن و خەڵکی فەلەستینن. ئەو کەسە دەبردرێتە دادگە و بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردن و رەگەزپەرستی، دادگایی دەکرێت."
 
ئەحمەد ریحاب، سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکی-ئیسلامی لە شیکاگۆ لەو بارەوە گوتی، "دایکەکە لە نەخۆشخانە نامەیەکی بۆ هاوژینی پێشووی ناردووە و رووداوەکەی گێڕاوەتەوە."
 
لە نامەکەدا هاتووە، "ئەنجامدەری تاوانەکە لە دەرگەی دا و سەرەتا ویستی بمخنکێنێت؛ هەروەها گوتی، ئێوەی موسڵمان، پێویستە بمرن."
 
ئەحمەد ریحاب گوتیشی، "ئەو رووداوە پەیوەندی بە شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە هەیە. ئەم خێزانە خەڵکی کەرتی رۆژئاوای فەلەستینن. 12 ساڵ لەمەوبەر هاتوونەتە ئەمریکا و وەدیعیش هەر لێرە لەدایکبووە و هاووڵاتییەکی ئەمریکی-فەلەستینی بوو."