سەیید حەسەن نەسروڵڵا: هیچ شەڕێک وەک شەڕ لە دژی زایۆنییەکان شەرعی تر نییە / ئێمە چووینەتە ناو شەڕەکەوە

(0) / / جهان / زایەڵە حەسەن نەسروڵڵا لوبنان ئیسرائیل غەززە


Nov 03, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - سەیید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ یەکەمجار لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەرکەوت و رایگەیاند، "هیچ شەڕێک وەک شەڕ لە دژی زایۆنییەکان شەرعی تر نییە و ئێمە هەر لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە چووینەتە ناو شەڕەکەوە." 
 سەیید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، "ئەو بەرگرییەی لە سنووری ئێمەدا [لوبنان] روودەدات، بێ وێنەیە، ئیسرائیل هەرگیز بەخۆیەوە نەیبینیوە، وامان کردووە تەرکیزی کەمتر بێت لەسەر غەززە و کەرتی رۆژئاوا".
 نەسروڵڵا دەڵێت، هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پێویست و گرنگ و لە کاتێکی گونجاودا بوو. 
دەشڵێت: مانگێکە سوپای ئیسرائیل یەک دەستکەوتی سەربازی نەبووە. ئیسرائیل "منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی سڤیلن." 
جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات.
 حەسەن نەسروڵڵا ڕاشیگەیاند: جەنگی تۆفانی ئەقسا بۆ زیاتر لە گۆڕەپانێک درێژبووەتەوە و ئەوانیش بە شەرعی دەزانن.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان هێرشەکەی حەماسی بە "ژیرانە و بوێرانە" ناوبرد و گوتی، لە کاتێکی گونجاویشدا بووە. ئەو وا لێکیدایەوە کە هێرشەکەی 7ـی مانگی رابردووی حەماس، بەربەرەکانێی لەگەڵ ئیسرائیل بردووەتە قۆناخێکی نوێوە.
نەسروڵڵا پێیوایە، دەبێت حەماس و غەززە لە جەنگەکەدا سەربکەون و دەڵێت، ئەگەر ئەوان سەرکەوتن، یانی گەلی فەلەستین سەرکەوت، ئەوە سەرکەوتنە بۆ گەلی موسڵمان و وڵاتانی دراوسێ، سەرکەوتنی غەززە بەرژەوەندییەکی نیشتمانیی فەلەستینی، ئوردنی، سووریایی و لوبنانییە. 
 ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە و پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.
حەسەن نەسروڵڵا ئەمریکای بە بەرپرسیار زانی بەرامبەر بە رەوشی غەززە و ئیسرائیلی وەکو جێبەجێکاری خواستەکانی ئەمریکا ناوبرد و گوتیشی، "دوو ئامانجمان هەیە؛ جەنگەکە بووەستێت و حەماس تێیدا سەربکەوێت".