لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی: گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئیسرائیل و گەمارۆی سەر غەززە کۆتایی پێبهێندرێت

(0) / / جهان / زایەڵە ئیسلامی لوتکەی عەرەبی غەززە ئیسرائیل


Nov 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بارەی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کۆتاییهات و وڵاتان داوایان کرد گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئیسرائیل و گەمارۆی سەر غەززە کۆتایی پێبهێندرێت. 

 
لووتکەکە بە بەشداری رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو. 
 
لە راگەیێندراوی کۆتاییدا، لووتکەی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی:
 
-  داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و رێگەدان بە دەربازبوونی کاروانی یارمەتی مرۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ نێو غەززە دەکات.
 
- داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکات هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل رابگرن.
 
- لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی سەرکۆنەی دوژمنکاریی ئیسرائیل و ئەو تاوانە جەنگی و کۆمەڵکوژییە دڕندانە و نامرۆڤانەیە دەکات، کە حکومەتی داگیرکار دەیانکات.
 
-  ناوبردنی ئەم جەنگە بە بەرگری لەخۆکردن و رەوایەتیپێدانی بە هەر پاساوێک، رەتدەکاتەوە.
 
- داوا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەکات، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و پابەندکەر بدات بۆ وەستاندنی دوژمنکارییەکە و رێگریکردن لە دەسەڵاتی داگیرکار کە یاسای نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و بڕیارە رەوا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلكردوون.
 
- هەر بیرۆکەیەکی جیاکردنەوەی کەرتی رۆژئاوا، لەنێویدا قودسی رۆژهەڵات، رەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەوەی هەر مامەڵەیەک لە داهاتوودا لەگەڵ غەززە بکرێت، پێویستە لە چواڕجێوەی چارەسەرێکی گشتگیردا بێت، بەجۆرێک زامنی یەکگرتوویی یەکپارچەیی غەززە و کەرتی رۆژئاوای وەک خاکی وڵاتی فەلەستین بکات، کە پێویستە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بێت و پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، لەسەر بنەمای سنوورەکانی 4ـی حوەزیرانی 1967/
- داوا دەکات بە زووترین کات کۆنفرانسێکی ئاشتیی نێودەوڵەتی ببەسترێت.
 
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە گوتاری کردنەوەی لووتکەکەدا گوتی، وڵاتەکەی "جەختدەکاتەوە لەوەی دەسەڵاتی داگیرکار بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بەو تاوانانەی دژی خەڵکی فەلەستین ئەنجامیاندەدات."
 
بن سەلمان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە و کەرتی رۆژئاوا گوتی "ئێمە، دڵنیاین کە تاکە رێگە بۆ گەرەنتیکردنی ئاساییش، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری، گەمارۆ و دەستبەسەرداگرتن."
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، کە ئەمە یەکەمین سەردانی بوو بۆ سعودیە، دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لە مانگی ئادار، ئاماژەی بەوە کرد پێویستە وڵاتانی ئیسلامی سوپای ئیسرائیل بە "رێکخراوێکی تیرۆرستی" پۆلێنبکەن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەیانکاتە سەر غەززە.