پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی مەدالیای رەزەرفۆرد مسۆگەر دەکات

(0) / / جهان / زایەڵە ئیبراهیم کەریمی رەزەرفۆرد هێرتزبێرگی


Nov 20, 2023

قەبارەی فۆنت:

 زایەڵە - رێوڕەسمی دابەشکردنی مەدالیای رەزەرفۆرد بەڕێوەچوو و مەدالیاکەش بەخشرایە فیزیازانی کوردی ئێرانی، پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی کە ئەمە دووهەم  مەدالیای زانستیی بەنرخە کە ناوبراو مسۆگەری دەکات.

ئیبراهیم کەریمی رایگەیاند، لەلایەن کۆمەڵەی شاهانەی کەنەداوە مەدالیای یادەوەریی رەزەرفۆردی پێ بەخشراوە.

مانگی 9ی ئەمساڵ ناوی براوەی ئەو مەدالیایە بۆ ساڵی 2023 ئاشکرا کرا و کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدا ئەو کات رایگەیاند، بەهۆی لێکۆڵینەوە دیار و بەرچاوەکانی لە بواری فیزیا، مەدالیای رەزەرفۆرد دەبەخشرێت بە پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی.

ئەو مەدالیایە ساڵانە دەدرێت بەو زانایانەی خزمەتی دیار و بەرچاوی زانستییان لە بوارەکانی فیزیا و کیمیا کردبێت. مەدالیایەکە بە ناوی ئێرنێست رەزەرفۆرد، فیزیازانی گەورەی نیوزلەندی کراوە.

ئیبراهیم کەریمی ساڵی 1978 لە شاری سەقزی سەر بە پارێزگای کوردستان لەدایکبووە. تاوەکو قۆناخی ماستەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خوێندوویەتی. دواتر لە ئیتاڵیا درێژەی بە خوێندن داوە و دکتۆرای فیزیای کوانتۆمی بەدەستهێناوە.

کەریمی لە 2017ـەوە لە زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا وانە دەڵێتەوە و ساڵی 2020 مەدالیای زانستیی هێرتزبێرگی پێشکەش کرا.