ناوەڕۆکی دیداری پووتین و رەئیسی؛ گرینگیی شەڕی غەززە لە گفتوگۆکان

(0) / / جهان / زایەڵە ئێران ڕووسیا ڕەئیسی پووتین


Dec 07, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە -  ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە، لە کرێملن پێشوازیی لە ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، ستاییشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد. هاوکات، جەنگی حەماس و ئیسرائیل تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانیان بوو. 

پووتین بە ئاماژە کردن بە رێبەری باڵای ئێران، بە رەئیسی گوت: "پەیوەندییەکانمان زۆر بە باشی بەرەو پێش دەچن. تکایە گەرمترین رێز و سڵاوم بە رێبەر خامەنیی بگەیێنە. بەهۆی پشتیوانی ئەو، لە ساڵی رابردووەوە گەیشتووینەتە ئاستێکی باش."
 
هەردوو سەرۆک هەروەها باسیان لە شەڕی دوو مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد کە بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. 
 
پووتین لەو بارەیەوە گوتی: "زۆر گرنگە بۆ ئێمە بیروڕامان دەربارەی دۆخی ناوچەکە ئاڵۆگۆڕ بکەین، بە تایبەتی سەبارەت بە دۆخی فەلەستین."
 
سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاڵا لە نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 20 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 5 ملیار دۆلار.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕایگەیاند: منیش خۆشحاڵم لەوەی کە لە مۆسکۆم و لە کۆبوونەوەم لە گەڵ بەڕێز پوتین و بە دڵنیاییەوە کە باس لە بابەتە هاوبەشەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەکەین.

ناوبراو وتی: لە سەرجەم بوارەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گەشە و پێشکەوتنی هەبووە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: دانوستانەکانمان دەتوانێت هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات بەرەوپێش ببات.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەبارەت بەوەی کە لە غەززە ڕوو دەدات، وتی: ئەوەی کە مرۆڤایەتی ئازار دەدات تاکجەمسەری و سیستەمی نادادپەروەری جیهانییە کە نموونەی ئەمەش لە غەززە و فەڵەستیندا ئەمڕۆ بەدی دەکرێت.

ناوبراو وتی: ئەوەی کە لە فەڵەستیندا ڕوو دەدات کۆموڵکوژی و تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و جێی داخە کە زیاتر لە 6 هەزار منداڵی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید کراون.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی دانیشتووانی غەززە بە بەرچاوی جیهانیانەوە دەکرێت و ئەم تاوانانە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێت.