شێخ نەواف میری کوێت کۆچی دوایی کرد

(0) / / جهان / زایەڵە کوێت شێخ نەوافی


Dec 16, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بە پەخشکردنی چەند ئایەتێکی قورئان، تەلەفزیۆنیی فەرمیی کوێت کۆچی دوایی شێخ نەوافی ئەمیری وڵاتەکەی راگەیاند.
 
رۆژی شەممە 16-12-2023، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کوێت بڵاویکردەوە، "شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت لە تەمەنی 86 ساڵیدا گیانی لەدەستدا."
 
راگەیاندنی کۆچی دوایی میری وڵاتەکە بە چەند ئایەتێکی قورئان لە تەلەفزیۆن راگەیێندرا و دواتر خوێندرایەوە کە "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بە کۆچی دوایی شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت تازیەبارین".
 
هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی میری کوێت بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی مانگی پێشوو (تشرینی دووەم) بەهۆی نەخۆشییەوە میری کوێت لە نەخۆشخانە خەوێندرا.
 
شێخ نەواف لە 7-2-2006 وەک شازادەی جێنیشین دیاریکرا و لە 29-9-2020 وەک 16یەم ئەمیری وڵاتەکە لە شوێنی سەباح ئەحمەد جابر ئەلسوباحی زڕبرای دەستبەکاربوو.
 
ئەمیرە کۆچکردووەکە لە ساڵی 1962 لە تەمەنی 25 ساڵی بووە پارێزگاری پارێزگای حەوەلی لە کوێت؛ لە ساڵی 1978 بۆ 1988 وەک وەزیری بەرگریی وڵاتەکە کاری کرد. دوای ئازادکردنی کوێت لە شەڕی کەنداو، شێخ نەواف وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی ساڵێک کاری کرد.
 
شێخ نەواف ئەحمەد لەدایکبووی ساڵی 1937 و کوڕی ئەحمەد جابر ئەلسوباحە.
 
کوێت وڵاتێکی بچووکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دەکەوێتە ناوچەی کەنداو؛ هاوسنووری عێراق و سعودیەیە. وڵاتەکە لە ساڵی 1613 دامەزراوە و لە ساڵی 1752 سەربەخۆیی لە ئەمارەتی بەنی خەلیل وەرگرتووە و پاشان دوای دوو رێککەوتننامە لەگەڵ بەریتانیا لە ساڵەکانی 1899 و 1913 دواجار لە 1961 سوپای بەریتانیا لە خاکەکەی چووەتە دەرەوە. لە 1991 دوای داگیرکردنی لەلایەن عێراقەوە، بە یارمەتیی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان ئازادکرا.
 
دانیشتووانی وڵاتەکە 4.4 ملیۆن کەسن، 1.45 ملیۆن لەو ژمارەیە کوێتی رەسەنن کە 32.5%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و سێ ملیۆنەکەی دیکە هاووڵاتی بیانیی 100 وڵاتی جیاوازن و زۆربەی دانیشتووانەکە نیشتەجێی شاری کوێتی پایتەختن.
 
زمانی فەرمیی وڵاتەکە عەرەبی و ئینگلیزییە، جگە لەوانە زمانەکانی هیندی، بەنگالی، ئۆردو، مالیزی، فارسی، تورکی، فەرەنسی و پەشتویی قسەیان پێدەکرێت. سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە پەرلەمانی و پاشایەتییە.
 
%76.6ی دانیشتووانی کوێت موسڵمانن، 17.3% کریستیان و 6%یش ئایینی دیکەیان هەیە. دراوی وڵاتەکە دیناری کوێتییە و یەکێکە لە دراوە زۆر بەهێزەکانی جیهان بە جۆرێک یەک دیناری کوێتی بەرامبەر 3.24 دۆلاری ئەمریکییە.