شاڵاو کوسرەت: حاجی قاسم یەکەم کەس بوو لە شەڕی داعش بە هانای کوردەوە هات / کۆماری ئیسلامی ئەو دەرگایەیە کە هەمووکات بەڕووی کورددا کراوە بووە

(0) / / راپورت / زایەڵە شاڵاو کوسرەت حاجی قاسم سولەیمانی سلێمانی ئەبوومەهدی موهەندیس بارزانی هەولێر داعش تیرۆر یەکێتی


Jan 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شاڵاو کوسرەت ڕەسول عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارەکەی لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس لە شاری سلێمانی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ "ئەگەر ئێمە سەیر بکەین لەو نەهامەتییانەی بە سەر هەرێمی کوردستان هاتووە؛ چە لە ئەنفال و چە لە کیمیاباران؛ یەک ڕێگا کە هەمیشە بە بێ ئەوەی دوودڵ بین بە بێ ئەوەی کە بترسین دەرگامان لێ نەکرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، ئەویش ڕۆڵی ئەو کەسانە، ئەو تێکۆشەرانە ئەو خەباتگێڕانە بووە کە ئەوڕۆ یادیان دەکەینەوە. کە توانیویانە ئەو دەرگایانەمان بۆ بکەنەوە."

دەقی وتاری شاڵاو کوسرەت ڕەسول عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەرکردەکان فەرماندەی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی و فەرماندە ئەبوومەهدی موهەندیس:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، ئامادەبووانی بەڕێز؛ بەناوی برای بەڕێز و خۆشەویستم کاک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ یادی دوو تێکۆشەری ماندوونەناسی عێراق و ناوچەکە دەکەینەوە کە ئەوانیش جەنەڕاڵی گەورە حاجی قاسم سولەیمانی و حاجی ئەبوومەهدی موهەندیسن. کە هەردووکیان خەباتێکی دوور و درێژی چەند ساڵەیان لەگەڵ تێکۆشەران و گەورەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.

هەڤاڵان؛ ئەگەر بپرسین بۆ یادی ئەو کەسانە دەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، دەبێ ئاوڕێک لە خەباتی خۆمان بدەینەوە و ئەوەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوو ئەو تێکۆشەرانە چییان کردووە، شان بە شانی تێکۆشەرەکانی ئێمە و شان بە شانی پێشمەرگەکانی ئێمە و شان بە شانی خەباتگێڕەکانی ئێمە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ناوچەکەوە بۆ عێراق. ئەگەر بە بیری خۆمان بهێنینەوە لە دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وە لە شەڕی نەخوازراو و ماڵوێرانی عێراق دژ بە ئێران، هەڤاڵی گەورە و جەنەڕاڵی گەورە حاجی قاسم سولەیمانی کە لە قۆناغەکانی خەباتگێڕی چەکداریدا پلە پلە خەباتی کردووە هەتا گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی پلەی سەربازی، خزمەت بە وڵاتەکەی ڕانەوەستاوە و خزمەتی وڵاتەکەی کردووە و لە هەموو ناوچەکەدا وە شان بە شانی ئەویش لە عێراق لەگەڵ تێکۆشەرەکانی ئێمە لەگەڵ پێشمەرگەکانی ئێمە، لەگەڵ سەرکردەکانی ئێمە، لە سەردەمی ڕووبەڕووبوونەوە و  دژایەتی دیکتاتۆریەتێ کە ببووە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و ناوچەکەش خەباتی کردووە. هەروەها ئەبوو مەهدی موهەندیس فەرماندە و سەرکردەیێکی دیکە بوو کە شان بە شانەی پێشمەرگەکانی ئێمە لە قۆناغە جیاجیایەکانی وڵاتەکەمان خەباتی کرد. 

ئەگەر ئێمە سەیر بکەین لەو نەهامەتییانەی بە سەر هەرێمی کوردستان هاتووە؛ چە لە ئەنفال و چە لە کیمیاباران؛ یەک ڕێگا کە هەمیشە بە بێ ئەوەی دوودڵ بین بە بێ ئەوەی کە بترسین دەرگامان لێ نەکرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، ئەویش ڕۆڵی ئەو کەسانە، ئەو تێکۆشەرانە ئەو خەباتگێڕانە بووە کە ئەوڕۆ یادیان دەکەینەوە. کە توانیویانە ئەو دەرگایانەمان بۆ بکەنەوە و بۆ خەڵکەکەی خۆمان و بۆ میللەتەکەی خۆمان بۆ ئەوەی کە بتوانین پارێزگارییەک لەو گەلەکەمان و لە تێکۆشەرەکانمان بکەین کە دژی  بێبەزەیی ترین دیکتاتور خەباتیان کردووە وە داوای مافی خۆیان کردووە.

هەڤاڵینە؛ ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە بیدایەتی ڕووخانی ڕژیمی سەدام بدەینەوە لە ٢٠٠٣ دەبێ تەماشای ڕۆڵی حاجی قاسم و ئەبوو مەهدی موهەندیس و تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان و سەرکردە نەبەزەکانی خۆمان وەکو مام جەلال بکەین کە وەکو سەرکردەیەکی سیاسی لە عێراقدا بۆ سەقامگیری ڕۆڵیان بینیەوە بۆ وەی عێراقێکی فرە نەتەوەیی و عێراقێکی فرەئایینی لە سیستەمێکی دیموکراتی بێتە دی، دەبێ ڕۆڵی ئەوان بەرز بنرخێنین. شان بە شانی سەرکردەکانی ئێمە، حاجی قاسم سولەیمانی و سەرکردەکانی عێراق ئەبوو مەهدی موهەندیس و هەوڤاڵەکانی تر و گەورە و مەزنمان جەنابی مام جەلال خەباتێکی دوور و درێژیان کرد بۆ ئەوە ئێستا ئێمە بتوانین لێرە بین و بەردەوام بین لەسەر ئەو خەباتە و ئەو تەباییەی لە عێراق و لە ناوچەکەدا هەیە.

ئەگەر سەیری چەند ساڵی ڕابردووش بکەین نەهامەتێکی گەورە بە سەر جیهاندادا هات ئەویش شەڕی داعش بوو. داعشێک کە کەسی نەدەناسی، هیچ میلەتێک و هیچ نەتەوەیەکی نەدەناسی کە لە ناوچەکدا بە گشتی لە سووریا و عێراقەوە و لە شنگالی بریندارەوە کە هێشتا برینەکانی ساڕێژ نەکراوە، ئەو گرووپە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و شاری مەخمووری داگیر کردوو ڕووی لە هەولێر کرد یەکەم کەس لەو کەسانەی کە لە دەرەوەی پێشمەرگەکانی کوردستان و هێزی دژەتیرۆری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لەم خەباتە کرد جەنەراڵ قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس بوون کە هاتن و پشتیوانی پێشمەرگەکانیان کرد بۆ ئەوەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە دەستی تیرۆریستانی داعشەوە.

وە ئەگەر سەیر بکەین لە سەعدیە و جەلەولاوە هەتا دەگاتە شنگالی بریندار، ڕۆڵ و کاریگەری حاج قاسم سولەیمانی شانبەشانی سەرکردە تێکۆشەرەکانمان، شانبەشانی گەورەکانی ئێمە لە هەموو ناوچەکە ڕۆڵی کاریگەر و دەوری خۆیان بینی. وەکوو یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بیر و باوەڕمان وایە کە ئەوانەی کە خەبات دەکەن وە ئەوانەی کە تێدەکۆشن لە پێناو قەناعەتێک و بیروباوەڕێک بۆ نیشتمان هەر بە زیندوویی دەمێننەوە. دەبێ لە دڵی هەموو کەسێکی بە شەرەف و هاوڵاتییاندا بمێنێتەوە کە خزمەتیان کردووە وە لێرەشەوە لە لایەن برای بەڕێزم کاک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە دەڵێم کە ئێمە بە داخین بۆ ئەو کارەساتەی کە دوێنێ ڕووی دا لە شاری کرمان کە کارەساتێکی ترسنۆکانە بوو و  بەداخەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی بێ تاوان کە یادی خەباتگیر و شۆڕشگێڕی خۆیان بوونە قوربانی و ان شا اللە بە زووترین کات بریندارەکان چارەسەر دەکرێن و چاک دەبنەوە. ئێمە وەکوو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان باوەڕمان بەوەیە کە تێکۆشەرەکان ئەوانەی کە لەسەر خەبات و قەناعەت و بیر و باوەڕی و نیشتمانپەروەری و لەسەر ئینسانیەت خەبات ئەکەن، دەبێ نەک هەر ڕێزیان لە لایەن دۆستەکانیانەوە لێبگیرێ، بەڵکوو دەبێ دوژمنەکانیش ڕێزیان لێبگرن.

 هەر بژین بۆ عێراقێکی دیموکراتی وە هەر بژین بۆ ناوچەیەکی سەقامگیر کە ئەو تێکۆشەرانە و چەندین تێکۆشەری گەورەی ئێمە خەباتیان لە پێناودا کردووە وە ئێمە وەکوو کورد هەتا هەتایە خەباتی تێیدا دەکەین و هەر بژین و سەرکەوتوو بن بۆ عێراقێکی دیموکراتی.