زانیاری نوێ لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی بازاری قەیسەری هەولێر

(0) / / کردستان / زایەڵە هەولێر ئاگر قەیسەری


May 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـ شەوی رابردوو  کاتژمێر 9:30 خولەک ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای نزیکەی سێ کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن،ژمارەیەک هاووڵاتی و کارمەندی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 50 دوکان لە بازاڕی قەیسەری بەهۆی رووداوەکەوە سووتاون.

بەشێک لەوانەی لە رووداوەکە برینداربوون لە نەخۆشخانە ماون و بەشێکی دیکەشیان رەوانەی ماڵەوە کراون.

ئومێد.خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

دەشڵێت، چەند بریندارێک هەیە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان لە ڕووداوەکە نییە.         لەبارەی قەبارەی زیانەکان وتی، لێكۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت و قەبارەی زیانە ماددییەکانیش دەخەمڵێندرێت و دواتر ئاشکرا دەکرێت.     ڕاشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەرگریی شارستانی دوای ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ هەموو زیانەکان دەکات، هۆکارەکان دیاری دەکات و بۆ رای گشتی رایدەگەیێنێت.

لەبارەی تەشەنەکردنی ئاگرەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بەشێکی کەمتەرخەمیی کاسبکارانە کە دووکانەکانیان داناخەن، بە پەردە دایدەخەن، شتومەکەکانیان لەبەردەم دووکانەکانیان جێدەهێڵن. هەموو ئەو رێکارانەی کە لە رابردوودا بڕیارمان لێداوە دەگیرێنەبەر و بەردەوام دەبن.

کامەران کەریم