کامیل مەحمود:پارتی خواستی لەسەر شتێک نەبوو مەحاڵە یەکێتی و هەموو حزبەکانیتر بتوانن بیسەپێنن، بەهەمان شێوە بۆ یەکێتیش هەروایە

(0) / / گفتگو / زایەڵە کامیل مەحمود


May 01, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نوسەرو ڕۆژنامەنوسێک ڕایگەیاند؛ " سبەی لەکوردستان وادەی هەڵبژاردن دێتە پێش، پارتی بەشداری ناکات، گریمان ڕێگای بەدانانی سندوقی هەڵبژاردنیش داوپرۆسەکەبەسەرکەوتوویی ئەنجام درا، ئەی دوای هەڵبژاردن چۆن حکومەت و دەسەڵات لەپارتی وەردەگرنەوە، چۆن پارتی ئەو هەموو هێزە چەکدارو دام و دەزگا حزبییە حوکمڕانە دەخاتە ژێر ڕکێفی حزبی براوە."

کامیل مەحمود نوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا دەیان لێدوان و دیدگای سیاسی هەندێ لایەن و کەسی سیاسی و خەڵکی ڕۆشنبیرمان بەرگوێ کەوتووە کەباس لەئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن و بەشدارینەکردنی پارتی نەک بەئاسایی دادەنێن، بەڵکو باس لەلایەنی ئەرێنی و باشی ئەو بایکۆتەی پارتیش دەکەن،خۆزگە لەم هەرێمەی ئێمەدا نەریت و عورفی دیموکراسی و سیستمی سیاسی وحوکمڕانی بەو جۆرە بایە کە هەڵبژاردن بنەماوپێوەری حوکم و مەدوجەزری سیاسی بوایەو وەک وڵاتان بەشداریکردن و نەکردنی هەرحزبێک لەهەڵبژاردندا هیچ گرفتێکی دروست نەکردایە، بەڵام ئایا ئەمە لێرە وایە.

وتیشی، ئەو بەڕێزانەی کە شرۆڤەی سیاسی و پێشبینییەکانیان دەخەنە ڕوو وەها قسە دەکەن وەک ئەوەی لەوڵاتێکی خاوەن یاساو دەستوورو دامەزراوەدا دەژین، نەک لەوڵاتێک کە ۳٥ساڵە چارەنووسی گەل و قەوارەیەک وابەستە کراوە بە بەرژەوەندی تایبەتی دوو حزبی خاوەن چەک ودەزگای حوکمڕانی خۆیان و بەهێزی چەک و پارەو داهاتی وڵات کۆنترۆڵی هەموو شتێکیان کردووە،ئێرە کوردستانەو وەک هیچ وڵاتێکیتر نییە، لایەکی بەدەست پارتییەوەیەو لایەکەیتر بەدەستی یەکێتی، پارتی خواستی لەسەر شتێک نەبوو مەحاڵە یەکێتی و هەموو حزبەکانیتر بتوانن بیسەپێنن، بەهەمان شێوە بۆ یەکێتیش هەروایە، سبەی لەکوردستان وادەی هەڵبژاردن دێتە پێش، پارتی بەشداری ناکات، گریمان ڕێگای بەدانانی سندوقی هەڵبژاردنیش داوپرۆسەکەبەسەرکەوتوویی ئەنجام درا، ئەی دوای هەڵبژاردن چۆن حکومەت و دەسەڵات لەپارتی وەردەگرنەوە، چۆن پارتی ئەو هەموو هێزە چەکدارو دام و دەزگا حزبییە حوکمڕانە دەخاتە ژێر ڕکێفی حزبی براوەو دەسەڵاتی نوێ چۆن کلیلی گەنجینەکانی وڵات و سەرچاوەکانی داهات ڕادەست دەکات، ئێرە وڵاتی دامەزراوەی دەستووری نییە ئەمڕۆ حزبێک یان ئیئتیلافێک دامەزراوەکان بەڕێوە ببەن و سبەینێ حزبێکیترو کۆدەکان لەدەستی هیچ لایەکدا نەبێت جگە لەدامەزراوە دەستووری و یاساییەکان.

هێمای بەوەشکرد، ئەگەر چاوەڕوانی هێزی دەرەکی یان زۆرو زەبری حکومەتی عێراقی بکرێت کە شەرعیەت بسەپێنێت بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن، ئەوە بێگومان دەرفەتێکی زێڕینە بەدەسەڵاتی مەرکەزی بەغدا دەدرێت کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر شیمالی حەبیبدابسەپێنێتەوەو هەلەکە بقۆزێتەوە، ئەو دوو حزبە حوکمڕانەی کوردستانیش باکیان لەهیچ دەرەنجامێکی خراپ نییە و لەو ڕکابەریە دوورودرێژەی نێوانیاندا هەمیشە دەسەڵاتی داگیرکەریان پێ ئاساییتر بووە لەدەسەڵاتی زیاتری یەکێکیان لەبەرامبەر ئەویتردا،کۆتایی ڕێگاکەش دیارە کە ئەگەر ئەم دوو هێزە بەخۆیاندا نەچنەوە ئەم قەوارەی هەرێمە ئەگەر بشمێنێتەوە بوونێکی کارتۆنیی دەبێت، خۆ دەبینین هەر بەو دەرفەتانەی حزبە حوکمڕانەکان ڕەخساندوویانە چۆن دەسەڵاتی ناوەندی   بەشێنەیی بەڕەکە لەژێر پێی کورد ڕادەکێشێت.

کامەران کەریم