پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس: دانووستانی ناڕاستەخۆی ئێران و ئەمەریکا لە عوممان

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران ئەمریکا


May 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - لە دوای کۆبوونەوەی مانگی یەکی ئەمساڵ، شاندی دانووستانکاری ئەمەریکا و ئێران بۆ دووەم جار لە مەسقەتی پایتەختی عەممان بە ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی بەرپرسانی شانشینی عوممان لە بارەی کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.
 
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگەدار بڵاوی کردووەتەوە، شاندی ئەمەریکا هەر یەک لە برێت مەکگۆرک ڕێکخەرى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا و ئەبرام پێڵی جێگری نوێنەرت تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە دانووستانەکانی مەسقەت بەشدار بوون، بەڵام ئەندامانی شاندی دانووستانکاری ئێران نەزانراوە چەند کەس و کێ بوونە.
 
ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، چالاکیی و جووڵەی چەکدارانی حووسیی یەمەن تەوەرێکی دانووستانە ناڕاستەوخۆکەی ئێران و ئەمەریکا بووە، ئەمەش پەیوەندیی بە هێرشە مووشەکیی و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی حووسییەکانەوە هەیە بۆ سەر جووڵەی بازرگانی جیهانی لە دەریای سوور.
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان ئەمجارەش هەر وەک گەڕی پێشووی دانووستانەکان، بەرپرسانی شانشینی عوممان ئەرکیان گواستنەوەی پەیامەکانی شاندی دانووستانکاری ئەمەریکا و ئێران بووە بۆ یەکتری کە کۆی پرسی گفتوگۆکانی هەردوولا لە سەر کەمکردنەوەی ناکۆکیی و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.