بانکی ناوەندیی عێراق پێشبینی دابەزینی گەورەی بەھای دۆلار دەکات

(0) / / اقتصادی / زایەڵە دۆلار بانکی ناوەندی


Jun 10, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، کارکردنی بەردەوام بە سەکۆکانی مامەڵەی دارایی و سوربوونیان لەو بارەیەوە، لە چەند رۆژی داھاتوودا بەھای دۆلار بەرێژەیەکی گەورە دادەبەزێنێت، داواش لەو بازرگانانە دەکات کە سەرمایەکانیان کەمە، کۆمپانیای بچوک دروست بکەن و لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە دۆلار وەبگرن و نەگەرێنەوە بۆ بازاری نارەسمی.

عەلی عەلاق سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئاسانکاریی زۆریان کردوە بۆ جێگیرکردنی بەھای دۆلار و دابەزاندنی بۆ ئەو ئاستەی کە بریاری لەسەر دراو، بەڵام ژمارەیەک لە بازرگانان سوورن لەسەر ئەوەی  لە بازارەکانی دەرەوە دۆلار بکڕین، ئەوەش وایکردووە بازاری دراو بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە.

دەشڵێت، ئەو بازرگانانەی کە پارەکانیان سنووردارە پێویستە کۆمپانیای بچوک دروست بکەن، تا بتوانن بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی دۆلار بکڕن و چیتر نەبنە ھۆکاری ئەوەی لە بازاری نارەسمییەوە دۆلار دابین بکەن کە ئەوەش بەردەوام بەھاکەی بەرز دەکاتەوە.

 سەرۆکی بانکی ناوەندی باسی لەوەشکردووە، سنوریان داناوە بۆ راکێشانی پارە لە ڤیزە کارت و ماستەر کارت کە بە ٢٠٠٠ دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات دیاریی کراوە بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی تر بەکارنەھێندرێت، بۆ ھەر کڕیارێکیش یەک ماستەر کارت بە پەنجەمۆر و وەرگرتنی بایۆمەتری دروستکراوە و رێگە بە زیاتر نادرێت.