کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی لەدەستدا/ کورد 239 هەزار دەنگ، عەرەب و تورکمان پێکەوە 305 هەزار دەنگ

(0) / / راپورت / زایەڵە کورد کەرکوک کوردستان دەنگ


Dec 23, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کورد لە کەرکووک زیاتر لە 239 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا عەرەب و تورکمان پێکەوە زیاتر لە 305 هەزار دەنگیان هەیە. چاودێرێکی پارتی دەڵێت، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ پارتی یان یەکێتی بوونایە کورد 9 کورسی دەهێنا. بەرپرسی هەڵبژاردنی کۆمەڵیش دەڵێت، پارتی و یەکێتی هۆکاری نەبوونی یەک لیستی بوون.
 
بەگوێرەی نوێترین داتای کۆمیسیۆن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، تاوەکو دوای نیوەڕۆی هەینی، 22-12-2023، دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە پارێزگای کەرکووک بەمشێوەیە بووە؛ یەکێتی 155 هەزار و 48 دەنگ، پارتی 52 هەزار و 65 دەنگ؛ نەوەی نوێ 24 هەزار و 954 دەنگ؛ مەشخەڵ کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو 6 هەزار و 655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش 397 دەنگ.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە دوای 18 ساڵ کرا، کۆی دەنگەکانی کورد 239 هەزار و 119 دەنگە؛ لە بەرامبەردا عەرەب و تورکمان پێکەوە 305 هەزار و 133 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی دەنگەکان، یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی بەدەستهێناوە؛ هەرچی لایەنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و سۆسیال دیموکراتن دەنگەکانیان نەگەیشتووە بە بەدەستهێنانی کورسی و بەو پێیەش دەنگەکانیان سووتاون.
 
یەکێتی: نەمانتوانی پارێزگاری لە پشکی کورد لە کەرکووک بکەین
 
عەلی قەڵایی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی هەڵبژاردنی کەرکووک – سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 22-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کورد نەیتوانی وەکو پێویست پارێزگاری لە دەنگ و پێگەی خۆی لە کەرکووک بکات.
 
تەها تەیفوور، چاودێری جیاکردنەوەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کۆمیسیۆن ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەداخەوە بۆ ئێمەی کورد کە نەمانتوانی کوردانە بیربکەینەوە... کورد دەیتوانی ئاییندەیەکی جوانتر لەسەر ئەمە هەڵچنێت".
 
کاوە ئەحمەد، چاودێرێکی دیکەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پارتییە و هاوپەیمانی مەشخەڵ و نەوەی نوێ بەوە تۆمەتبار دەکات کە هۆکار بوون بۆ کەمکردنی کورسیی کورد.
 
کاوە ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەداخەوە لیستی کوردستانی، بەتایبەت لیستی نەوەی نوێ و مەشخەڵ گورزێکی کوشندەیان لە کورد وەشاند. ئەگەر ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانییەکی دوو لایەنەکەی دیکەدا {پارتی یان یەکێتی} بوونایە، ئێستا ئێمە {کورد} نۆ کورسیمان مسۆگەر کردبوو".
 
بەرپرسی هەڵبژاردنی کۆمەڵ: ئێمە هۆکاری کەمکردنی دەنگی کورد نین
 
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە هۆکاری کەمبوونی دەنگی کورد نین؛ خۆ ئێمە لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین بەشدار نەبووین، بۆچی یەکێتی و پارتی یەک دەنگ نەبوون و بۆ دەنگی کورد لەوێش کەمیکرد؟"
 
لەبارەی هۆکاری راگەیاندنی لیستی هاوبەشی حیزبەکەیان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەناوی مەشخەڵ، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی گوتی، "ئێمە یەکگرتووش نەبووایە بە تەنیا لیستمان تۆمار کردبوو. هۆکاری یەکنەبوونی کورد ئێمە نەبووین، بەڵکو پارتی دەیگوت ناچینە لیستێکەوە یەکێتی تێدا بێت؛ ئێمەش گوتمان ناچینە لیستێکەوە یەکێتی یان پارتی بە تەنیا تێدابێت. لیستێک هەموو لایەنەکانی تێدابێت بێ بەرژەوەندیمان، بەشداریمان تێدا دەکرد".
 
حیزبی شیوعی: هاوپەیمانی ئێمە و یەکێتی کورسییەکی بۆ کورد زیاد کرد
 
لە لیستە کوردستانییەکاندا لە کەرکووک حیزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بەشداری کرد و هاوپەیمانییەکە پێنج کورسی بەدەستهێنا، بەڵام تەواوی دەرچووەکان لە یەکێتی بوون و شیوعی بەربژێرێکی ئافرەتی هەبوو کە دەنگی پێویستی نەهێنا بۆ گەیشتن بە ئەنجوومەنەکە.
 
دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی شیوعیی کوردستان رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەنگی بەربژێرەکەی ئەوان هۆکار بووە بۆ سەرکەوتنی بەربژێری پێنجەمی یەکێتی و ئەوان نەبوونایە حیزبەکە چوار کورسی بەدەست دەهێنا.
 
بە گوتەی حەساری، دەنگی ئەوان نەبووایە کورد کورسییەکی دیکەی لە کەرکووک لەدەست دەدا؛ گوتیشی، لەگەڵ یەکێتیدا رێککەوتنی سیاسییان کردووە و لە پۆستەکانی داهاتووی پارێزگای کەرکووکدا پشکیان دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنەکەدا 7 کورسی بۆ کورد یەکلابوونەتەوە؛ 5یان کورسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و دوو دانەکەی دیکە کورسی پارتی دیموکراتی کوردستانن. 
 
دەنگی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک 
 
دەنگی لایەنە عەربییەکانی کەرکووک 208 هەزار و 252 دەنگە و شەش کورسییان بەدەستهێناوە. دەنگ و کورسیی ئەو نەتەوەیەی کەرکووک بەمشێوەیەی خوارەوە دابەشی سەر لایەنەکانیان بووە:
 
- هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بە 100 هەزار و 521 دەنگ، سێ کورسی بەدەستهێناوە
- قیادە بە 60 هەزار و 513 دەنگ، دوو کورسی بەدەستهێناوە
- هاوپەیمانیی عروبە بە 47 هەزار و 218 دەنگ، یەک کورسی بەدەستهێناوە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە تورکمانەوە هەیە، 96 هەزار و 281 دەنگی بەدەستهێناوە و دابەشبوونەکە بەم جۆرەیە:
 
- بەرەی تورکمانی بە 74 هەزار و 169 دەنگ دوو کورسیی بەدەستهێناوە
- کەرکووکنا 22 هەزار و 112 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەکانی بەشی کورسییەک ناکەن.