مۆسکۆ لەسەر هێرشهكانیان له یهمهن رەخنە لە واشنتن و لەندەن دەگرێت
(0) /
زایەڵە - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئهمڕۆ ههینی رەخنەی توندی لە ئەمریکا و بریتانیا گرت کە هێرشی سەربازییان لە یەمەن ئەنجامداوە، دهڵێت، هێرشهكان گرژییەکانیان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کردوە.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئهمڕۆ ههینی له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكرد، "هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە یەمەن نمونەیەکی دیکەی پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکییەکان و بریتانیهكانه"،
هەروەها روسیا داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی كرد لە پاشخانی ئەو هێرشانەی ئهو دو وڵاته بۆ سەر یەمەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشهكان جارێکی دیکە "بەتەواوی پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان"یان نیشانداوە و "دەبێتە هۆی پەرەسەندنی دۆخی ناوچەکە بۆ گەیشتن بهدۆخێكی خراپتر".
دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕەشنوسی بڕیارنامەیەکی ئەمریکای پەسەند کرد، کە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سور شەرمەزار دەکات.
لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداری مافی وڵاتانی ئەندامە بۆ پاراستنی کەشتییەکانیان، لەوانە ئەو هێرشانەی کە زیان بە ماف و ئازادییەکانی گەشتکردن دەگەیەنن.
ئەمریکا و بریتانیا هێرشی ئاسمانی و دەریاییان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی حوسییەکان لە یەمەن لە وەڵامی هێرشەکانی بزوتنەوەکە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سور، کە نوێنەرایەتی فراوانبونی ناوچەیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە دەکات.
وتەبێژی حوسییەکان لە یەمەن جەختی لەوە کردەوە، کە "هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکەی ئەمریکا و بریتانیا نییە" و بزوتنەوەی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتیانەی بەرەو ئیسرائیل دەچن.
تێبينيێك بنێرە: