یەکێتی سوورە لە سەر لامەرکەزیەت و سەرکۆنەی گرتنەکان لە بادینان دەکات

(0) / / جهان / زایەڵە بادینان ناوەندێتی یەكێتی


Feb 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە دوایین کۆبوونەوەی سووربوونی خۆی لە سەر سیستەمی نا ناوەندێتی كارگێڕی و دارایی ڕاگەیاند و هاوکات سەرکۆنەی گرتنەکان لە بادینانی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، یەکشەممە 2021/2/14 ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتیی هاوسەرۆكان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
پاش کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێک لە لایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەرچوو کە تێیدا پشتیوانیكردنی خۆی بۆ تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی ڕاگەیاند و  هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە پارلەمانی عێراقی راسپارد كەهاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یەکشەممە 2021/2/14 ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتیی هاوسەرۆكان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستپێكرد. سەرەتا هاوسەرۆكان هەڵسەنگاندنێكی وورد و بابەتیانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووری و هەمەلایەنەی كوردستان و عێراق پێشكەشكرد.
 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردەوە لەبارەی پرسەكانی:
 1. سیستەمی نا ناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.
 2. پشتیوانیكردنی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لەپارلەمانی عێراق راسپارد كەهاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.
 3. چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستووری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021دا، بەپێویست زانرا.
 4. تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی ئەركە دەستووری و نیشتمانییەكانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەروەری وڵات و رێگرتن لە پێشێلكارییەكانی سنوورەكان، كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن.
 5. سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانیكردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنووسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حیزبەكانی دیکە.
 بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی تایبەت بوو بەكاروبارەكانی حیزب و راپۆرتی كۆمیسیۆنەكان. لەم بارەیەشەوە راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.
 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2021/2/14