چەند ئامۆژگارییەکی تەندروستی بۆ ڕووەکخۆرەکان

(0) / / هەمە ڕەنگ / زایەڵە ڕووەکخۆر تەندروستی


Apr 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - چەند ئامۆژگارییەکی تەندروستی بۆ ڕووەکخۆرەکان (بە عەرەبی: بعض النصائح الصحية للنباتيين، بە ئینگلیزی: Some health tips for vegetarians)، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە پێویستە ئەو کەسانەی ڕووەکین هیچ جۆرە گۆشتێک ناخۆن، ئاگاداری ئەوە بن هەندێک لەو ڤیتامین و ماددانەی کەسانی تر لە ڕێی خواردنی گۆشتەوە وەریدەگرن ئەوان لێی دوورن و پێویستە لەڕێگەی ترەوە قەرەبووی بکەنەوە. پسپۆڕانی بواری تەندروستی ئامۆژگاری ڕووەکییەکان دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی تەندروستییەکی باش و جەستەیەکی سەلامەت، پێویستە ئەم حەوت خواردن و ڤیتامینە لە ژەمەکانیان هەبێت.

ئامۆژگارییە تەندروستییەکان بۆ ڕووەکخۆرەکان
ڤیتامین D

یارمەتی ئێسک دەدات بۆ وەرگرتنی ماددەی کالسیۆم وە بەهێزتری دەکات. ئەم ڤیتامینە لە شیر و قارچکدا هەیە.

ڤایتامین C

بۆ بەرگری لەش زۆر پێویستە، ڕووەکییەکان دەبێت لە ڕێگەی خواردنی سپێناخ و ترشەمەنییەکانی وەک لیمۆ و پڕتەقاڵەوە بڕی پێویستی ئەم ڤیتامینە وەربگرن.

ڤیتامین B12

ئەم ڤیتامینە لە بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا هەیە و کەمی لە لەشدا دەبێتەهۆی پووکانەوە، لەبەرئەوە پێویستە ڕووەکییەکان زیاتر شیر بخۆنەوە و بەرهەمە شییرییەکان بۆ لەشیان بەکاربهێنن.

یۆد (Iodine)

کەمی یۆد کار لە ناڕێکی هۆڕمۆنەکان دەکات و ئەوەش زیاتر ڕووەکییەکان تووشی دەبن، بۆیە پێویستە ڕووەکییەکان بە خواردنی ماش و پەتاتە بۆ دەستخستنی ئەو ماددەیە پشتببەستن.

ئاسن (Iron)

ماددەی ئاسن ڕۆڵی گرنگ دەبینێت بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، گۆشتی سووریش باشترین سەرچاوەی بەدەستهێنانییەتی، بۆیە ڕووەکییەکان دەبێت زیاتر ڕووبکەنە سەوزەمەنییە گەڵادارەکانی وەک سپێناخ بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویست لەو ماددەیە.

ئۆمێگا 3 (Omega3)

دەشێت کەمی ئۆمێگا لە ناڕێکی دڵ و مولوولەکانی خوێن کاربکات، ڕووەکییەکان دەبێت ئەم ماددەیان لەڕێی بادەم و ئەڤۆگادۆوە دەستبکەوێت کە بەڕێژەیەکی زۆر لە گۆشتی ماسیدا هەیە.

زینک (Zinc)

ئەم ماددەیە لە لەشدا بۆ باشترکردنی چالاکی دەماغ و تەندروستی مێشک پێویستە، بۆیە پێویستە ڕووەکییەکان بۆ دەستکەوتنی ئەم ڤیتامینە پاقلەمەنییەکان، بەزالیا و نیسک بۆ ژەمەکانی خواردنیان زیادبکەن.


فیردەوس جەزا جاف