بێگەرد تاڵەبانی: نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکاندا هەمان ئەو نرخ دەبێت کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە ئابووری کشتوکاڵ نرخی گەنم


Apr 29, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکاندا هەمان ئەو نرخ دەبێت کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە و ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی داچێنراو بە گەنممان هەیە.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستەڕوو، سبەینێ لەگەڵ وەزیری بازرگانی و بەرپرسانی عێراق کۆدەبینەوە و پەیامی ئەوەمان هەیە کە چیتر قبوڵی ناکەین بەڕێژە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێم بکرێت و دەبێت وەک پارێزگاکانی دیکە کاریان لەگەڵ بکرێت.
 
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە پێشتردا بیانوی ئەوە هەبوو کە ئێمە رووپێوییەکی دروستمان نییە، بەڵام ئەمساڵ بە شێوەیەکی زانستی رووپێویمان کردووە و زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی داچێنراو بە گەنممان هەیە و گەشبینم کە دەگەین بە رێککەوتن.
 
سەبارەت بە نرخی گەنم لە سایلۆکانی حکومەتدا، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، نرخی گەنم هەمان ئەو نرخە دەبێت کە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە و 850 هەزار دەبێت بۆ هەر تۆنێک، هاوکات بە هیچ جۆرێک رێگەمان نەداوە یەک دەنک گەنم هەناردە بکرێت.
 
دەشڵێت، چوار بەنداوی ستراتیژی لە هەرێم رێپێدانی بۆ کراوە و لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هەماهەنگیمان کردووە و چاوەڕوانی نووسراوی رەسمی دەکەین و بەنداوەکانیش بریتین لە بەنداوی، دەڵگە لە سنووری پشدەر، تەقتەق، مەنداوە و باکرمانە لە سنووری دهۆک.
 
کامەران کەریم