بوک و زاواکەی حەمدانیە: راستە ئێستا لە بەردەم ئێوە بە زیندویی ماوینەتەوە، بەڵام لە ناخەوە سڕ و مردوین

(0) / / اجتماعی / زایەڵە بووک و زاوا حەمدانیە


Oct 02, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ریڤان ئەو زاوایەی لە روداوەکەی قەزای حەمدانییە بو رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەگەڵ هاوسەرەکەی بچنە دەرەوەی عێراق، چونکە لێرە بەردەوام هەست بە مردن دەکەن

ریڤان و حەنین بوک و زاواکەی حەمدانییە بە تۆڕی میدیایی "سکای نیوز"یان راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکە رزگاریان بو، بەڵام لە ناخەوە هەست بە مردن دەکەن.

ریڤان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، "لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکە 15 کەسی نزیکی بنەماڵەکەم لە دەستدا"، لە ئێستادا حەنین توشی شۆک بوە و ناتوانێت قسە بکات، بەڵام ئەویش 10 کەسی نزیکی لەدەستداوە لە ناویاندا دایک و براکەی، هەروەها باوکیشی بە سەختی بریندارە.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، ناتوانن چی دیکە لە زێدی خۆیاندا بژین، هەر کاتێک هەوڵدەدەن بە دوای کەمێک دڵخۆشیدا بگەرێن، ئەو روداوە دڵتەزێنە دوبارە دڵتەنگیان دەکات، بۆیە وا باشترە شار و وڵاتەکەیان بە جێ بهێڵن.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، "راستە ئێستا لە بەردەم ئێوە بە زیندویی ماوینەتەوە، بەڵام لە ناخەوە سڕ و مردوین."

ناوبراو لە بارەی شێوازی ئاگرکەوتنەوەکە باسی لەوەکرد، لەوانەیە کێشەی کارەبا بوبێت، بەڵام ئاگرەکە لە بنمیچی هۆڵەکەوە دەستیپێکرد، پاشان ئەو ماددەیەی بنمیچەکەی لێ دروستکرابو توایەوە، دوای چەند چرکەیەک تەواوی روناکی هۆڵەکە کوژایەوە، لەو کاتەش خەڵک دەستیان بە راکردن و هاواکردن کرد.

وتیشی، حەنینی هاوسەری بەهۆی جلی بوکێنییەکەیەوە نەیدەتوانی رابکات، ئەویش بە ناچاری رایکێشاوە و لە دەرگای چێشتخانەی هۆڵەکەوە چونەتە دەرەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕو، "باوکم گومانی لە مەترسییەکانی یارییە ئاگرینەکان هەبو، بەڵام خاوەن هۆڵەکە پێی وت، یارییە ئاگرینەکان کارەباییە و گڕ ناگرێت، تەنانەت پلاستیکیشی بخەیتە سەر ناسوتێت."

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئامێری یارییە ئاگرینەکان بوە، دواتر بنمیچی سەقفەکە قوماشی پێوە بوە و گڕی گرتوە، هەروەها بونی رێژەیەکی زۆر لە خواردنەوەی کحولی هۆکاری تەشەنەکردنی ئاگرەکە بوە.

بەپێی دوایین ئامار لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمادییە، 107 کەس گیانیان لەدەستدا لە ئێستاشدا 83 بریندار چارەسەر وەردەگرن.