مەترسییەکانى تۆڕى کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لەسەر تەندروستى مێرمنداڵان

(0) / / هەمە ڕەنگ / زایەڵە تیکتۆک میرمنداڵل تۆڕی کۆمەڵایەتی


Feb 18, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەردەمى بەرفراوانبونى سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان وایکردوە کورتە ڤیدیۆکان و بەتایبەت ئەو ڤیدیۆیانەى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بڵاودەکرێتەوە بینەرى زۆرى هەبێت، نوێترین توێژینەوەش باس لە مەترسییەکانى ئەم کورتە ڤیدیۆیانە دەکات لەسەر تەندروستى مێرمنداڵان.
پێشتر چەندین توێژینەوەى دیکە لەسەر کاریگەرییەکانى زۆر بەکارهێنانى سۆشیاڵ میدیا لەسەر تەندروستى مێشک ئەنجامدراوە، زۆرینەیان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەى کە پەیوەندییەکى پتەو هەیە لەنێوان بەکارهێنانى زیادى تۆڕەکان لەگەڵ توشبون بە خەمۆکى، بەڵام توێژینەوەکان لەبارەى کورتە ڤیدیۆکان و کاریگەرییەکانى هێشتا بە بەرفراوانى باسیان لێوەنەکراوە.

زانکۆى تیانگینى چینى نوێترین توێژینەوەیان لەسەر کاریگەرییە مەترسیدارەکانى تیکتۆک لەسەر مێرمنداڵان کردوە بەتایبەت ئەو کەسانەى کە ئالودەى بەکارهێنانى بون، توێژینەوەکە لەسەر هەزار و 346 مێرمنداڵ کراوە ئەم مێرمنداڵانە کارون بە سێ گروپەوە، ئەو گروپانەى تیکتۆک بەکارناهێنن، ئەوانەى رۆژانە کاتێکى دیاریکراو بەکارى دەهێنن و ئەو مێرمنداڵانەش کە ئالودەى بەکارهێنانى بون.

توێژینەوەکە گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەى گروپى ئالودەبوى تیکتۆک بەڕێژەیەکى بەرچاو دوچارى خەمۆکى و دودڵى دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا روبەڕوى درەنگ فێربون بونەتەوە و تواناى بەرگرى لە خودیش-یان زۆر کەمە.

لەگەڵ ئەم کێشە دەرونیانەیشدا ئەو مێرمنداڵانە توشى ئاڵنگاریی لە پەیوەندییە خێزانییەکانیان بونەتەوە و شێوەى پەروەردەیان گۆڕاوە و ئەمەش پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵەکانى شێواندوە.

توێژینەوەکەى ئەنجامدراوە، لەبارەى ئەو منداڵانەى کاتێکى کەم یاخود هیچ کاتێک تۆرى کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بەکارناهێنن گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەى کە ئەو مێرمنداڵانە روبەڕوى کەمترین کێشەى مێشک و فێربون بونەتەوە و لەناو خێزانەکانیشیاندا پەیوەندییەکانیان پتەوتر و ئاستى پەروەردەیان بەرزترە.

ئەوەش هاتوە کە بۆ ئەوەى ئەم توێژینەوەیە گشتاندنى بۆ بکرێت بەسەر هەمو وڵاتاندا، پێویست دەکات بەشێوەیەکى بەرفراوانتر و لە تەمەنى جیاواز و رۆشنبیرى و کەلتورە جیاوازەکان ئەنجام بدرێت.