دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە ڕادەگەیەنێت

(0) / / اجتماعی / زایەڵە ئاسایش هەرێم


Apr 11, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی/ ناوشار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوای چاودێری وورد و بەدواداچوون، توانیان باندێکی چوار کەسی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیربکەن.
هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەچەند هەڵمەتێکدا توانیان سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیربکەن، کە لەمانگی ڕەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دووکاندار و فرۆشیاران داوە، لە پێناو ساغکردنەوەی پارە تەزویرەکەیان و دیناری عێراقیان وەرگرتۆتەوە.
لەژێر چاودێری هێزەکانمان و بەمەبەستی دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی باندەکە و کۆکردنەوەی سەرجەم دراوە تەزویرەکە، توانرا سەرجەمیان دەستگیربکرێن و دەست بەسەر تەواوی پارەکەدا بگیرێت.
تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان (24 بۆ 30) ساڵیدایە و دانیشتووی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵن.
لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (281) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
کامەران کەریم