ئەنجامدانی گەشتی شاخاوانی بۆ سەر شاخی ڕەنگیـن لە لایەن کۆمەڵێک شاخەوانەوە

(0) / / ورزش / زایەڵە وەرزش گەرمیان شاخەوانی


May 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـــ کۆمەڵەی هەردەوانیی گەرمیان لەسەر بانگهێشتی  دەستەی شاخەوانی هەڵەبجە بەشداری گەشتێکی کرد بۆ لووتکەی شاخی ڕەنگین.

دەستەی ڕاگەیاندنی گرووپی شاخەوانی گەرمیان ڕایگەیاند:  بە بەشداری دەیان گرووپی شاخەوانی کە لە دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتبوون کۆمەڵەکەمان بەشدار بوو لە گەشتێکی شاخەوانیی بۆ لووتکەی شاخی ڕەنگین و دانانی تابلۆی زانیاری لەسەر لووتکەی شاخەکە کە(2262m) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

 بەشی ڕاگەیاندن ئاماژەی دا: ڕەنگین سـەر بە زنجیرەچیای سورێنە و دەکەوێتە پشتی گوندی یاڵانپێ و لە چەمی وشکەناوێی سەرووەوە بۆی دەچیت، لەوەرزی بەهاردا دیمەنێکی تایبەتی و ناوازەی هەیە پڕە لە گژوگیای بەهارەی وەک ڕێواس و بەڕەزە و قنگرو  گوڵە شـلێـر و سوورەهەڵاڵە و شتی تریش.
ڕەنگین شاخێکی سەخت و درێژە دوورمەودایە هەربۆیە ناوی بێکۆدیانی هەورامانی پێبەخشراوە.
هەرچەندە گەشتەکە کەمێک تاقەت پڕوکێن و قورس بوو بەڵام پڕچێژو سەرنج ڕاکێش بوو،بە بۆنەی ئەو دیمەنە ناوازەو دڵڕفێنەی کە هەیەتی و بینینی کۆمەڵێک لە هاوڕێ شاخەوانە دێرینەکانمانەوە،هەروەها ناسینی کۆمەڵێک هاوڕێی نوێ کە بەشداری گەشتەکەبوون.

دەستەی ڕاگەیاندن وتیشی: سپێدەی بەیانی لەکەلارەوە بەرەو هەڵەبجە بەڕێکەوتین،دواتر چووینە شارۆچکەی خورماڵ مزگەوتی گەورەی خورماڵ بوو بەجێژوان و کۆبوونەوەی هاوڕێیانمان لە گرووپەکانی تر،
دواتر بەڕێکەوتین بۆ بناری شاخەکە، کاژێر 8.15 دەستمان بە پیادەڕەوی کرد، و بەرەو لووتکە بەڕێکەوتین نزیکی سەعات دوو گەشتین، شەرەفی داکوتانی یەکێک لە پایەکانی تابلۆکەمان پێبەخشرا، هەندێ وێنەی یادگاریمان چرکاند پاشان بەرەو خوار بەڕێکەوتین لە کاژێر 2.31 هاتینەوە سەر کانیەکەی ڕەنگین و لەوێشەوە بۆ خاڵی کۆتا کە خاڵی دەستپێکیش بوو گەڕاینەوە.
سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێنی جیهان بۆ هەموو بەخششەکانی بەتایبەت تەندروستی و سەلامەتی.